لەدوای ١٥ ڕۆژ لە مانگرتنیان مانگرتوانی سلێمانی لەسەر داوای چین و توێژە جیاوازەکان مانگرتنیان شکاند و ڕایانگەیاند: سوپاسی ئەوانە دەکەن کە هاوپەیامیان بون و سکاڵاشیان لەوانە هەیە کە جوڵەی سیاسییان بۆ کەس نەهێشتوەتەوە و چونەتە سیستمی گەندەڵی هاوبەشی دو بنەماڵە.
لەپاش ١٥ ڕۆژ لە مانگرتنی ١٣ مامۆستا و فەرمانبەری ناڕازیی لە خواردن، لەسەر داوای چین و توێژە جیاوازەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، مانگرتوان مانگرتنەکەیان شکاند.
هادی حەمە ڕەشید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا بە ناوی مانگرتوانەوە ڕایگەیەند: ئەوان سوپاسی تەواوی ئەو کەسانە دەکەن کە لە پەیامی مانگرتوان تێگەیشتن و بەدەم پەیامەکانیانەوە چون و لە دەرەوەی خێوەتی مانگرتوان شەقامیان جوڵاند بەڵام دەسەڵات نابیست و نابینایە.
وتیشیان سکاڵایان لە سەرجەم ئەو کەسانە هەیە کە بە چونە نێو سیستمی گەندەڵیی پڕۆسەی سیاسییان قوفڵ کردوە و لەبەردەم حکومڕانی دو بنامەڵەی داگیرکەردا جوڵەیان بۆ ئەوانی دیکە نەهێشتوەتەوە.
باسیان لەوەش کرد لە ماوەی ڕابردودا سەرانی دەسەڵاتی زۆنی سەوز سەردانیان کردون و مانگرتوان پێیان ڕاگەیاندون، ناچنە ژێرباری هیچ بەڵێنیکی بێکردار و لەگەڵ جێبەجێکردن و بە کردارەکییکردنی بەڵێنەکاندان و بەو هۆیەوە دەستیان ناوە بەڕوی بەرپرساندا و بەڕێیان کردون...