حکومەت بەفەرمی دامەزراندنی راگرت

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند: ژمارەی فەرمانبەر و کارمەندان بۆ هەردوو راژەی سەربازی و شارستانی بەجێگیریی دەمێنێتەوە، لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەمیش دەبێتە بنەما بۆتەواوی ساڵەکە.

ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی شوبات ئەنجومەنی وەزیران لە نووسراوێکدا کە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی پێوەیە، راگرتنی بەخشین و بەستنی دەرماڵەی نوێ بۆ سەرجەم مووچەخۆران، پابەندبوون بەو ریژە و بڕانەی دەرماڵە کە لە لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەم هاتووە، دامەزراندنی پلە تایبەتەکان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، جگە لەو شوێنانەی بەبەتاڵی ماونەتەوە و پێشتر تەرخانکراوی دارایی هەبووە.

بەگوێرەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، گواستنەوەی راژەی فەرمانبەران لەنێوان وەزارەتەکان قەدەغەیە و ئەژمارکردنی خزمەت بۆ وەزیفەی گشتیی جگە لەخانەنشینی راگیراوە.

لەکۆتایی بڕیارەکاندا ئەنجوومەنی وەزیران داوا دەکات، هیچ مامەڵەیەکیان بەمەبەستی درێژکردنەوەی ماوەی خزمەتی دوای خانەنشینی بۆ بەرزنەکەنەوە و و، ئەنجومەنی وەزیران جەختدەکاتەوە راگرتنی ئەم بڕیارانە کاتییە و تاوەکو کاتی پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەیە بۆ ساڵی ٢٠٢٥.




PM:05:33:11/02/2025