تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ ڕایگەیاند، ئەو تۆمەتەی هاوڵاتی (ئادەم عوسمان)،
لەسەری دەستگیركراوە رۆژانە هاوڵاتیان لەو جۆر گرتە ڤیدیۆیانە لە تۆڕە
كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاودەكەنەوە، داوا لە دەسەڵاتی داوەری و وەزارەتی ناوخۆی
حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات ئازادی بكەن و تۆمەتەكانی لەسەر لابەرن.
تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ ،
ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەو تۆمەتەی هاوڵاتی (ئادەم
عوسمان) لەسەری دەستگیركراوە رۆژانە هاوڵاتیان لەو جۆر گرتە ڤیدیۆیانە لە تۆڕە
كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاودەكەنەوە و ناكرێت وەك تاوان تەماشابكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، "پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح رایگەیاندوە كە
خۆی گرتە ڤیدیۆییەكانی گرتوەو پاشان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك
بڵاویكردۆتەوە. بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە گرتە ڤیدیۆییانە تاوان نییە نە بۆ
هاوڵاتی ئادەم عوسمان، نە بۆ پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح".
تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ ،
داوا لە دەسەڵاتی داوەری و وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات هاوڵاتی
ئادەم عوسمان، ئازاد بكەن و تۆمەتەكانی لەسەر لابەرن.
ئەوە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ سێشەممە عەلی حەمەساڵح،
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە، رایگەیاند دوێنێ چەند
گرتە ڤیدیۆیەكی بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتوەكانم
بڵاوكردەوە هاوڕێیەكم بە ناوی ئادەم عوسمان كە پێكەوە بوین و شوفێری بۆ دەكردم،
بانگ كراوە بۆ ئاسایشی هەولێر و پاشان مۆبایلەكەی كوژایەوە وتی، "خۆم گرتە
ڤیدیۆكانم گرتوەو بڵاومكردۆتەوە نەك ئادەم ئەمەش تاوان نییە".
لەلایەكی دیكەوە ئەم بەیانیەیش بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای
هەولێر ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوە ناوی لێناوە، "دانپێدانانی ئادەم عوسمان
سلێمان" كە ڕۆژی یەكشەممە شۆفێری بۆ عەلی حەمەسالح، پەرلەمانتاری پەرلەمانی
كوردستان دەكردوە و لەو كاتەی پەرلەمانتارەكە سەرقاڵی وێنە و ڤیدیۆگرتنی چەند
شوێنێك بو، "بە مەبەستی چەواشەكاری و هاندانی خەڵك بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی
كوردستان".
تۆڕی هاوپەیمانی ١٩، لە
(نیسان/٤)ی ٢٠٢٤ بە دەستپێشخەری METRO CENTER دامەزراوە، پێكدێت لە
كۆمەڵێك داكۆكیكارانی مافەكانی مرۆڤ، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، دامەزراوەكانی
میدیا، لە هەرێمی كوردستان، كاردەكات، بۆ چاودێری و بەرەوپێشبردن و پاراستنی
ئازادی ڕادەربڕین، ناوی تۆڕەكە لە بەندی ١٩ لە جاڕنامەی گەردونی مافی مرڤەوە، وەریگیراوە.