ئەمشەو چوارشەممە ١٢ی شوباتی ٢٠٢٥ وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند" داهاتی نانەوتی هەرێم خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ".
کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ کە بڕەکەی ٥١ ملیار و ٨٩٥ ملیۆن و ٤٥٧ هەزار و ٨٧٧ دینارە، خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق".
دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕە پارەیە بەشێوەی کاش خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
هەر ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم لە گشتاندنێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەبێتە بنەما بۆ ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم و تەرخانکراوە داراییەکان بۆ تەواوی ساڵی دارایی (۲۰۲٥)، بۆ سەرجەم بوارەکانی وەزیفەی گشتی (مەدەنی، سەربازی، پیشمەرگە، ئاسایش و هێزەکانی ناسایشی ناوخۆ).