سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەبارەت بە مانگرتوان هەڵوێستی ڕاگەیاند و دەڵێت" مانگرتوان لەسەر ئیعازی یەکێتی کۆتاییان پێهێنا". دەشڵێت" سەرۆکی یەکێتی خوێندەواری نییە".
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەمشەو چوارشەممە لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند" ئەوەی یەکێتی و پارتی بەرامبەر بە سلێمانی دەیکەن عەیبەیە، ماوەی شەش ساڵە لەسەر یەک دوو بۆ سێ مانگ خوێندنی خوێندکارانی ئەم شارە دەفەوتێت و لە خوێندن دوادەکەون، دواتر یەکێتی بە ئیعازی پارتی بە زۆر مامۆستایان دەنێرنەوە ژوورە و هەموو ماندوبونیان دەفرۆشێتەوە بە گۆڕینەوەی پۆست یان تۆزێک پارە".
سەرۆکی نەوەی نوێ دەشڵێت" من دەزانم سەرۆكی یەكێتی خۆی خوێندەواری نییە، ئەوەی بەهای نەبێت لای ئەو پەروەردە و ئیجیوكەیشنە".
شاسوار عەبدولواحید ڕاشیگەیاند" سەرجەم حزبەکان بە یەكگرتوو كۆمەڵیشەوە کار بۆ پارتی دەکەن و لە حكومەتی خۆجێی بەردەوامن، هەموویان پێکەوە دژی نەوەی نوێن و خەڵک بێ هیوا دەکەن و هەرچی خەباتی مەدەنییە سوکیان کردووە".
"مانگرتن لەسەر ئیعازی یەكێتی یەكسەر كۆتاییان پێدەهێنن، بایكۆتی مامۆستایان بە فشار، یەكێتی دەیانكاتە ژوورەوە، بەهۆی ئەوەی پارتی داوای لێكردوون". (شاسوار عەبدولواحید وادەڵێت)