مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتوو پەیامێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" کەس بۆى نییە بەناوى ئەوانەوە قسە بکات".
گروپی مانگرتوانی سلێمانی، شەوی چوارشەممە ١٢ی شوباتی ٢٠٢٥ لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردەوە" خەڵکی بەهەڵوێستی کوردستان وەک ئاگادارن مانگران خەڵکی بە ئەمەکی ئەم نیشتیمانەن و ئەوەی کۆی کردووینەتەوە تەنها ئامانجە گشتییەکەیە کەمافی خەڵکە و لەو پێناوەشدا بەردەوام دەبین".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" دوێنێ کە دوای پانزە ڕۆژ مانگرتنەکەمان لە بەردەم خەیمەکەدا هەڵپەسارد، کەس مافی نییە بەناوی (مانگر)ـەوە قسە و لێدوان بدات، مانگرتن قۆناغێکی گرنگی کاری مەدەنی و سەرکەوتنی ئیرادەی خێر بوو، نابێت ئەو پرسە لە جوغزی خۆی بهێنرێتە دەرەوە و تێکەڵ بە هیچ بابەتێکیتر بکرێت".
ڕۆژی سێشەممە ١١ی شووباتتی ٢٠٢٥ لە دوای ١٥ ڕۆژ لە مانگرتنیان مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو لەسەر داوای چین و توێژە جیاوازەکان مانگرتنیان شکاند.
دەقى راگەیەندراوەکە:
پەیام و سوپاسنامەیەك لە مانگرتووانەوە
پاش پانزە ڕۆژ لە مانگرتن و هەڵپەساردنی لەبەردەم دڵگەرمیی و پەرۆشیی ئازیزاندا، ئەمانەوێت وەك هاوڕێیانی مانگرتوو بڵێین:
۱ـ مەدالیای نرخاندن و وەفا پێشکەش ئەکەین و سوپاسی خەڵکی خاوەن هەڵوێستی کوردستان ئەکەین.
سوپاس و وەفاداریمان هەیە بۆ ئەوانەی هاوکارمان بوون لەهەموو لایەك.
هاوڕێیانمان لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی و و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چین و توێژە جیاوازەکان کە لە ماوەی ئەو پانزدە ڕۆژەدا فەرهاد ئاساو بێ ماندووبوون، بەشدار بوون لە گەیاندنی ئەم میکانزمە نوێیە مەدەنیە و بە هەوڵی پێکەوەیی توانیمان خەباتی مەدەنی متمانەدار فراوانتر بکەین..
٢- ئێمە وەک مانگران بەڵێن دەدەین کەبەردەوامبین و چاودێر بین تا بەدەست هێنانی کۆی داواکانمان، هیچ کاتێک لای ئێمە نەدرەنگ دەبێ بۆ دەست پێکردن نەماندوش دەبین
خەڵکی بەهەڵوێستی کوردستان وەک ئاگادارن مانگران خەڵکی بە ئەمەکی ئەم نیشتیمانەن و ئەوەی کۆی کردووینەتەوە تەنها ئامانجە گشتییەکەیە کەمافی خەڵکە و لەو پێناوەشدا بەردەوام دەبین.
لێرەوە ڕایدەگەیەنین: دوێنێ کە دوای پانزە ڕۆژ مانگرتنەکەمان لە بەردەم خەیمەکەدا هەڵپەسارد، کەس مافی نییە بەناوی (مانگر)ـەوە قسە و لێدوان بدات، مانگرتن قۆناغێکی گرنگی کاری مەدەنیی و سەرکەوتنی ئیرادەی خێر بوو، نابێت ئەو پرسە لە جوغزی خۆی بهێنرێتە دەرەوە و تێکەڵ بە هیچ بابەتێکیتر بکرێت.
دووبارە سوپاس بۆ پشتیوانیتان
گرووپی مانگران
١٢ ی شوباتی ٢٠٢٥