عوسمان گوڵپی: مەرجی شكاندنی بایكۆت تەوتین و دابەشكردنی مووچەی مانگی ١٢ یە

هێشتا بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین دوای هەڵپەساردنی مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران، كە ١٥ڕۆژی خایاند،  بەردەوامە و وتەبێژی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئاماژە بەوەدەکات کە مەرجی شكاندنی بایكۆتیش تەوتین و دابەشكردنی مووچەی مانگی ١٢یە.

عوسمان گوڵپی، وتەبێژی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو ڕایگەیاند" هەنگاوی مانگرتن لە خواردن هەنگاوێکی نوێی خەبات و ناڕەزایەتی مەدەنیانە بوو، پێمانوایە هەنگاوی داهاتوو دەبێت گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی هەنگاوێک بنێین ئەم هەنگاوە بەهێزتر بکات نەک لاوازتر".

وتیشی" تا ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ چالاکی نوێ، بەڵام گرنگترین شت بنەماکانن، کە دەبێت خەباتی مەدەنی بەردەوام بێت، بەڵام میکانیزمەکان بگۆڕێن".

جەختیشی كردەوە، هیچ گرفتێک چارەسەرنەکراوە تا بایکۆت بشکێت، بۆیە پێموایە تا مووچەی مانگی ١٢ نەدرێت مامۆستایان ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

رۆژی سێ‌ شەممە ١١ی شوبات، دوای ١٥ ڕۆژ لە مانگرتن، ١٣ مامۆستا و فەرمانبەر بڕیاریاندا لەسەر داواكاری هاووڵاتیان و مامۆستایانی ئایینی مانگرتنەكەیان بشكێنن، بەڵام هێشتا ئەو بایكۆتەی هۆڵەكانی خوێندن، كە لە سەرەتای مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێكردووە نەشكاوە.



AM:09:04:13/02/2025