پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هۆکارەکانی پیسکردنی ژینگەی هەولێر ٥٩ پاڵاوگەیان داخستووە و ٢٨ خاوەن پاڵاوگەش دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دەربارەی هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەی هەولێر ڕایگەیاند" ڕێکارەکانمان دەستپێکردوون و بەردەوامیش دەبن، لەو چوارچێوەیەشدا ٥٩ پاڵاوگەی نایاسایی داخراون و ٢٨ خاوەنی پاڵاوگەش دەستگیرکراون و لە زینداندان".
ئەوەشی خستەڕوو کە کێشیە پاڵاوگە نایاساییەکان چەندین ساڵە هەیە و ئێستا دروست نەبوون و بڕیارە پاڵاوگەکان بگوازرێنەوە بۆ دەرەوەی شارەکان و ئەوانەی کە مەرجەکانیان تێدایە، مۆڵەتیان پێ دەدرێت.
ئومێد خۆشناو ڕاشیگەیاند" مۆلیدە ئەهلییەکان بەشێکی گرنگن لە پیسکردنی ژینگە و بەو هۆیەوە ١٤٥ خاوەن ئاگادارکراونەتەوە، نۆ خاوەن مۆلیدە سزای دارایی دراون و ڕێکاری یاساییش بەرامبەر حەوت خاوەن مۆلیدەی دیکەش گیراوەتەبەر و دەستگیردەکرێن".
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو کە پێنج کارگەی شیش ئاگادارکراونەتەوە گرفتەکانیان چارەسەر بکەن.