لە وەڵامی هێرشەکانی دەوروبەری پردی قەرقۆزاک لە باشووری کۆبانێ، لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، سێ سەربازی تورکیا کوژران و دوو چەکداریش برینداربوون.
هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی دوێنێ هێزەکانمان زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامدا و مۆڵگەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانیان لە دەوروبەری پردی قەرە قۆزاک کردە ئامانج کە گردی قەرە قۆزاکی لێ کراوەتە ئامانج، هەروەها گردەکانی دیکەش کە هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی تێدا جێگیرکراون".
هەسەدە ئەوەشی خستەڕوو: لەو ئۆپەراسیۆنانەدا سێ سەربازی تورکیا کوژراون و دوو سەربازی دیکەش برینداربوون، هەروەها یەکەکانی شەهید هارون خاڵێکی گروپە چەکدارەکانی لە گردی قەرە قۆزاک کردە ئامانج و بە تەواوی لەناویان برد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە بەرەی بەنداوی تیشرین شەڕڤانانمان توانیان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی سەر بە گروپە چەکدارەکانی تورکیا لە دەوروبەری بەنداوەکەدا بخەنە خوارەوە، هاوکات فڕۆکە جەنگییەکان زنجیرەیەک هەڵمەتیان بۆ سەر دەوروبەری دەستپێکرد، هاوکات بوو لەگەڵ تۆپبارانی تۆپخانە قورسەکان کە زیانی ماددی لێکەوتەوە".