پاداشتی كارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان دابەشدەكرێت

بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان داوا لە کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان دەکات لە هەفتەی داهاتوودا سەردانی بانکەکان بکەن بۆ وەرگرتنی پاداشتەکانیان.  

مەریوان محەمەد بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٥ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دەستدەکرێت بە دابەشکردنی پاداشتی كارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان". 

بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەوەشی خستەڕوو: بەڕێوەبەری بنکەی دەنگدان ٣٥٠ هەزار دینار وەردەگرن، بەڕێوەبەری وێستگە و کارمەندانی دیکە ٢٥٠ هەزار دینار وەردەگرن، ئەگەر دەرچووی کۆلێژ یان پەیمانگە یان ئامادەیی بن.

مەریوان محەمەد باسی لەوەشکرد: ئەو کەسانەی فەرمانبەری حکومەتن بڕی ١٥٠ هەزار دینار وەردەگرن، هەروەها سوپاس پێزانینێکی ئەنجوومەنی وەزیرانیش وەردەگرن. 

"ئەوانەی یەدەگن ئەگەر دەرچووی ئامادەیی یان پەیمانگە یان زانکۆ بن ١٠٠ هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام ئەگەر فەرمانبەری حکومەت بن ٥٠ هەزار و سوپاس پیزانینێک وەردەگرن". (مەریوان محەمەد وادەڵێت)



PM:02:43:13/02/2025