زەوی بەسەر ژمارەیەک ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەدا دابەشدەکرێت

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ناوی زیاتر لە ٩ هەزار پێشمەرگە بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە و لە تەواوی شار و شارۆچكەكان زەوی وەردەگرن". 

ئەمڕۆ پێنج شەممە لە راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە" دوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران  تایبەت بە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و هێزە تەناهییەكان و خانەنشینان، كارەكانمان جێبەجێكرد، لە گەڕی دووەمی ئەو پرۆسەیە لە كۆی ئەو (١٨٨٧٩) ناوەی كە بە دوو وەجبە ڕەوانەی وەزارەتی شارەوانی كراوە، ناوی (٩١٦٥) ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە، فەرمانی تەرخانكردنی زەوییان بۆ دەرچووە". 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: پرۆسەكە بەردەوامی دەبێت، بۆیە داوا لە هەموو ئەو هێز و یەكانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەین كە تا ئێستە فۆرمەكانیان تەواو نەكردووە، پەلە بكەن لە ڕێكخستن و بە داتاكردنی فۆرمەكانیان و بە ڕێكوپێكی ناردنیان بۆ لیژنەی زەوی وەزارەتمان، هاوكارمان بن لە جێبەجێكردنی ئەو ڕێنوێنییانەی بۆیان نێردراوە، بۆ ئەوەی زۆرترین پێشمەرگە سوودمەند بن لەم پرۆسەیە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان.

ئەو کەسانەی فه‌رمانی ته‌رخانكردنی زه‌ویان بۆ ده‌رچووە بەمشێوەیە: 

-سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ (١١٤) ناو.

-سنووری پارێزگای هەڵەبجە (١٨) ناو.

-سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین (٤٩٠) ناو.

-سنووری پارێزگای سڵێمانی (٦٢٧) ناو.

-سنووری پارێزگای هەولێر(٣٨٩٩) ناو.

-سنووری پارێزگای دهۆك (٢٤١٣) ناو.

-سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان (٤٨) ناو.

-سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران (١٥٤٤) ناو.



PM:03:31:13/02/2025