تورکیا بۆردومانی گوندەکانی بناری قەندیل و پشدەر دەکات

‌وێنە.. ئەرشیف
ئەندامێکی ڕێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی ڕایدەگەیەنێت" لە بەرەبەیانی دوێنێوە، سوپای تورکیا حەوت جار بۆردوومانی گوندەکانی سنوری قەزای پشدەری کردووە". 

کامەران مەلا عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە" کاتژمێر ٥:٤٠ خولەکی سەرلەبەیانی دوێنێ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی گوندی ئێندزە، بێپاڵان، کۆمتان و کورتەکی کرد لە قەزای پشدەر".

ئەندامەکەی ڕێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی ئاماژەی بەوەشکردووە: پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش، لە کاژمێر١٠:٣٥ خولەکدا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی هەر یەک لە گوندەکانی ئەبوبەکرە و قەڵاتووکانیان کرد لە سنوری قەزای پشدەر.

لەبارەی زیانە گیانییەکانی بۆردومانەکەی تورکیا، کامەران عوسمان باسی لەوەکردووە: هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی بۆردوومانەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوو، بەڵام زیان بەر ژینگە و دارستانەکانی ناوچەکە کەوتووە.

بەپێی ئامارێکی ڕێكخراوی سی پی تی ئەمریكی، بەهۆی ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانی توركیاوە لە هەرێمی كوردستان، تا ئێستا ١٨٣ گوند چۆڵ كراون، ٦٠٢ گوند لە ژێر هەڕەشەی چۆڵكردندان و نزیكەی ٤٠٠ گوند ناتوانرێت ئاوەدان بكرێنەوە.



PM:04:29:13/02/2025