ئاسایش دەستی بەسەر ١٤٤٤ سکەی شوێنەواری دا گرت

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە لە دوو ئۆپراسیۆنی جیاجیادا توانیویانە ژمارەیەک تۆمەتباری شوێنەواری دەستگیربکەن و دەست بەسەر ١٤٤٤ سکەی جۆراوجۆری شوێنەواریدا بگرن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ی شوبات بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند" لەماوەی دوومانگی ڕابردوودا دوای چاودێریکردن و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە، لە دوو چالاکی جیاوازدا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە مامەڵە و بازرگانیکردنێک بەپارچە شوێنەوارییەکان و پاراستنی و ڕێگریکردن لەگەڕان و پشکنینی نایاسایی ناوچە شوێنەوارییەکان، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەپارێزگای هەڵەبجە و قەزای سەیدسادق توانیمان(٥) تۆمەتباری شوێنەوار دەستگیربکەن".

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور ڕوونیشی دەکاتەوە"لەچالاکی یەکەمدا، هێزەکانی ئاسایش بەهاوکاری کۆماندۆی کوردستان توانیان دەستبەسەربڕی(١٤٤٤) هەزار و چوارسەت و چل و چوار سکەی جۆراوجۆری شوێنەواریدابگرن،  لەچالاکی دووەمدا، هێزەکانی ئاسایش توانیان دەستبگرن بەسەر (سێ) ئامێری پشکنینی ناوچە شوێنەوارییەکان".

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەشیاندا هاتووە" لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی (٢٤)ی شوێنەوار دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە".




PM:07:53:13/02/2025