بەرپرسێکی حکومەتی کاتی سوریا ڕایگەیاند: تا ئەوکاتەی هەسەدە چەکیان هەڵگرتبێت، لە چوارچێوەی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سوریا نابن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ی شوبات حەسەن دغێم، وتەبێژی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سوریا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"تاوەکو ئەوکاتەی هەسەدە چەکیان هەڵگرتبێت لە چوارچێوەی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سوریا نابن."
جەختیشی كردەوە كە "هیچ گروپێك كە چەكدار بێت لەچوارچێوەی كۆنگرەكەدا جێی نابێتەوە".
وتیشی"لیژنەکە رەچاوی هەمەڕەنگی سوریا و دیالۆگی ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان دەکات، نەک نمایشی سەربازی. هیچ دەرفەتێک بۆ تائیفەگەری نییە لە کۆنگرەکەدا و ئامانجمان پاراستنی یەکپارچەیی خاک و گەلی سوریایە."
ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ چوارشەممە، لیژنەیەکی حەوت کەسی بۆ ئامادەکاریی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سوریا پێکهێندرا، بەڵام هیچ کوردێک لە لیژنەکەدا نییە.
هەرلەو بارەیەوە ئەنەکەسە لە ڕاگەیەنراوێکدا دووپاتیکردەوە نەبوونی کورد لە لێژنەی ئامادەکاری کۆنفڕانسی نیشتمانی سوریا جۆرێکە لە پێشێلکردنی مافی نەتەوەکانی سوریا لە داهاتووی ئەو وڵاتە و ئەوەش جێگەی نیگەرانییە.