کەشناسی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و بەفریش لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەبارێت، دەشڵێت"کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلەی ڕوی لەناوچەکە کردوە ئەمشەو کۆتایی پێدێت".
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویکردەوە،بە گوێرەی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، و بارانیش بە شێوەی نمە باران و بارانی مامناوەند دەبارێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە،هەر بە گوێرەی پێشبینییەکان ئەمڕۆ لە سنوری پارێزگاکانی دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین بەفر دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیشدا زیاتر دەبێت.
ئەوەشی خستوەتەڕو، پلەکانی گەرما چوار بۆ شەش پلە نزمدەبێتەوە و دەشڵێت لە کاتەکانی شەودا، کاریگەری ئەو شەپۆلەی ڕوی لە ناوچەکە کردوە کۆتایی دێت.
هاوکات، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشوهەوا بڵاویکردەوە: لە ١٩ی ئەم مانگەوە، بەهێزترین شەپۆلی بەفر و باران ڕو لە هەرێمێ کوردستان دەکات و پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر لە یەک مەتر بەفر ببارێت.