ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە هۆشداریی دەدات لەوەی، بەشداریی کۆنگرەی دیالۆگی سوریا نەکەن، پابەندی بڕیارەکانیشی نابن، هەسەدەش دەڵێت"کۆنگرەگە بەبێ ئەوان، نە نیشتیمانی دەبێت، نە یەکگرتو".
ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە رایگەیاند: لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نیشتیمانیی سوریا، نوێنەرایەتیی یەک رەنگ دەکات و نوێنەرایەتیی گەلی سوریا ناکات، وتیشی"دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەریی، نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەن، بۆیە ئەگەر بەشداری دیالۆگی نیشتیمانی سوریا نەکەن، ئەوا پابەندی بڕیارەکانیشی نابن".
هاوکات، فەرهاد شامی بەرپرسی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ''هەسەدە'' راگەیاند، هەر کۆنگرەیەکی سوریا کە هەسەدە یان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەشداری تێدا نەکەن، نیشتیمانی و یەکگرتو نابێت و مەبەست لێی دوبارەکردنەوەی سیاسەتی ڕژێمی پێشوە.