مەسرور بارزانی بۆ ئۆجەلان: وه‌كوو مرۆڤێك ده‌خوازم ڕۆژێك ئازاد بكرێت

مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە دیمانەیەكی تایبەتی كەناڵی (العربیە) ڕایگەیاندووە، ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەكی ڕاستییان تێدا نییە و دەتوانین زۆر بەڕوونی بڵێین" ئەوە ڕاست نییە و ئیسڕائیل لە هەرێمی كوردستان نییە و هیچ شوێنێكیان لە هەرێمی كوردستان نییە".

لەبارەی هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە”، مەسرور بارزانی وتی" هێزەكانی سووریای دیموكرات نوێنەرایەتی هەموو كورد ناكات، بەڵكو نوێنەرایەتی بەشێك لە كورد دەكات".

دەشڵێت" نازانم چی لەنێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و دیمەشق ڕوودەدات، بۆیە هیچ لێدوانێكم لەو بارەیەوە نییە، بەڵام پێم وایە لەسەر دیمەشق پێویستە لەگەڵ تەواوی پارتە كوردییەكان بكەوێتە گفتوگۆ، نەوەك تەنیا هێزەكانی سووریای دیموكرات".

له‌ باره‌ی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لانیشه‌وه، سەرۆک وەزیران،‌ وتی" ئه‌و له‌ زینداندایه‌ و وه‌كوو مرۆڤێك ده‌خوازێت ڕۆژێك ئازاد بكرێت و به‌ شێوه‌یه‌كی ڕیشه‌ییش پرسی كورد له‌ توركیا چاره‌ بكرێت".

سەبارەت بە هێزی هاوپەیمانان، مەسرور بارزانی وتی" گوزارشتمان لە خواستی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ پێشوازیی لە هێزەكانی هاوپەیمانان، كە لە ناوچەكەدا هەن، بە هەستكردن بەو مەترسی و ئالەنگارییە ئەمنیانەی ڕووبەڕووی هەمووان دەبێتەوە".

جەختیشی كردەوە، بەپێی زانیارییەكان عێراق سەبارەت بەو ماوە زەمەنییەی دیاریكردووە بۆ مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراقدا دەیەوێت بە هەڵوێستەكانی خۆیدا بچێتەوە.

سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان، سەرۆک وەزیران هیوای خواست به‌ زووترین كات حكوومه‌تی نوێ پێك بهێنرێت، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داوایان له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌م پرسه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ سروشتی دانوستانه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ كۆتاییدا كێ به‌شداریی له‌ حكوومه‌تدا ده‌كات؟

دەشڵێت "له‌ به‌رانبه‌ریشدا توركه‌كان تێگه‌یشتنیان بۆ بارودۆخی سووریا‌ هه‌بوو، هه‌موومان هاوڕا بووین كه‌ ماوه‌یه‌ك دیاریی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتیی له‌ سووریا به‌رقه‌رار ده‌بێت و بزانرێت چ له‌وێ ده‌گوزه‌رێت. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ مه‌ترسییه‌كانی توركیا تێ ده‌گه‌ین به‌هۆی بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌ سووریا، كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی نیگه‌رانی له‌ ناوچه‌كانی ئێمه‌شدا، بۆیه‌ پێمان وایه‌ ڕێگه‌ چاره‌ بریتییه‌ له‌ دوورخستنه‌وه‌ و ڕێگریكردن له‌ دووبه‌ره‌كی و ئاشووب و هاندانی كوردی سووریا بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان به‌ دوور بگرێت، هه‌روه‌ها پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ش ڕێز له‌م بارودۆخه‌ نوێیه‌ی سووریا بگرێت و ڕیسك به‌ كوردی سووریا نه‌كرێت به‌هۆی بوونی په‌كه‌كه‌ له‌و وڵاته‌."






AM:10:04:15/02/2025