بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: لیژنەی ئامادەكاریی دیالۆگی نیشتمانی نوێنەرایەتی گەلی سوریا ناكات

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، راگەیەندراوێكی لەبارەی لیژنەی ئامادەكاری دیالۆگی نیشتمانی سوریا بڵاوكردەوە ودەڵێت" لیژنەكە، نوێنەرایەتی سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی سوریا ناكات و ناتوانێت خواستەكانی گەلی سوریا بە پێكهاتە فرەڕەنگەكانییەوە بهێنێتەدی و لەسایەی وەدەرخستن و پەراوێزخستندا كە لەلایەن لیژنەكەوە گیراوەتەبەر، ناتوانرێت هیچ جۆرە دیالۆگێك ئەنجام بدرێت".

ئەمڕۆ شەممە ١٥ی شوبات بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، راگەیەندراوێكی لەبارەی لیژنەی ئامادەكاری دیالۆگی نیشتمانی سوریا بڵاوكردەوە و رایگەیاند" راگەیاندنی لیژنەكە، گوزارشت لە پێودانگەكانی وەدەرنان دەكات كە ئەوە ئاڕاستەیەكی هەڵەو خوێندنەوەیەكی خراپە بۆ واقیعی راستەقینەی سوریاو رەنگدانەوە كەموكوڕییەكی رونە لە پڕۆسەی گواستنەوەی دیموكراسییانەی سوریای نوێدا".

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە"  كە پەراوێزخستن و ئەو داخرانە توندەی لەلایەن لیژنەكەوە گیراوەتەبەر، هەڕەشەیە بۆ گەڕاندنەوەی دۆخەكە بەرەو سیستمە مەركەزییە كۆنەكە، ئەوەش ئەو شتەیە كە ئێمە لە باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، هیوای پێ ناخوازین و بە باشی نازانین".

لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر جەخت لەوەدەکاتەوە  کە لیژنەكە، نوێنەرایەتی سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی سوریا ناكات و ناتوانێت خواستەكانی گەلی سوریا بە پێكهاتە فرەڕەنگەكانییەوە بهێنێتەدی و لەسایەی وەدەرخستن و پەراوێزخستندا كە لەلایەن لیژنەكەوە گیراوەتەبەر، ناتوانرێت هیچ جۆرە دیالۆگێك ئەنجام بدرێت، و وتیشی" ئەوەش سەرەتایەكە بۆ پەیڕەوكردنی سیاسەتی پەراوێزخستن كە بەهیچ شێوەیەك سورییەكان قبوڵی ناكەن".

دەشڵێت"  بانگەواز لە هەمو ئەوانە دەكەین كە دەیانەوێت سوریا، سوریایەكی یەكپارچەو یەكگرتو و بەهێز بێت، كە وەك ئەوەی هەیە، دیمەن و واقیعی سوریا بخوێننەوە بەبێ هیچ نكۆڵی و پەروازێزخستنێك و هێزی سوریا لە یەكێتی گەلەكەی و یەكڕیزی و چارەنوسە هاوبەشەكەیدایە و ئەوەش گەرەنتی راستەقینەیە بۆ داهاتویەكی دیموكراسیی خوازراو".




AM:11:30:15/02/2025