شاندێکی لایەنە سیاسیەکانی باکوری کوردستان گەیشتنە هەرێمی کوردستان و بڕیارە بەیانی لەگەڵ سەرۆکی پارتی و سەرۆکی هەریمی کوردستان و ڕوژی دواتریش لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی و جێگری سەرۆکی حکومەتی کوردستان کۆببنەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا، شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەمپارتی کە پێکهاتون لە پەروین بوڵدان و سری ساکیک و کەسکین بایندەر، لەگەڵ هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان- دەبەپە لەگەڵ پێنج لە پەرلەمانتار و بەرپرسانی دیکەی دەمپارتی گەیشتنە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە شاندەکە ١٦ی ئەم مانگە لە هەولێر لەگەڵ هەر یەکە لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لەسەر داویین پێشهاتەکانی باکوری کوردستان و تورکیا و پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە کۆببنەوە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، شاندەکەی باکوری کوردستان دوای کۆبونەوەکەی هەولێر، ١٧ی مانگ سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کۆدەبنەوە.
شاندەکە سەبارەت بە هەنگاوەکان بۆ دەستپێکردنەوە پڕۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان و تورکیا، پێشنیازەکانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم وەردەگرن و تاوتوێی پەیامەکەی ئۆجەلانیش دەکەن..