گۆڕانکاری لە سەرمووچەی ساڵانەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕوودەدات کە حکومەتی عێراق بە نیازە هی هەرێمی کوردستانیش هاوتای عێراق بکات.
بەپێی هەواڵێکی میدیای پارتی، یەكخستنی پلەبەندی وەزیفی (مووچەی بنەڕەتی) لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، بەپێی خشتەی عێراق كە نیاز وایە هی هەرێمی کوردستانیش وەکو عێراق بێت.
هەر بەپێی هەواڵەکە، پلە تایبەتەکانی وەکو بریکاری وەزیر و ڕاوێژکاران ٢ ملیۆن و ٤١٣ هەزار دینار مووچەی بنەڕەتییان دەبێت کە پێشتر سەرمووچەیان لە ٤ هەزار دینارەوە دەستیپێدەكرد بۆ ٢٠ هەزار دینار، بەڵام ئێستا گۆڕانكاری تێدا كراوە و لە ٣ هەزار دینارەوە دەستپێدەكات بۆ ٢٠ هەزار دینار دەبێت.
هەروەها ئەو کەسانەی پلە یەكن وەك خۆی هەر ٢٠ هەزار دینارە، هەروەها پلە دوو ١٧ هەزار دینارە و پلە سێ لە ١٢ هەزار دینارەوە بووەتە ١٠ هەزار دینار.
هاوکات فەرمانبەری پلە چوار لە ١٠ هەزار بووەتە ٨ هەزار دینار، فەرمانبەرانی پلە پێنج لە ٧ هەزار بووەتە ٦ هەزار، فەرمانبەری پلە شەش و حەوت ٦ هەزار دینارە و پلە هەشت و نۆ لە ٥ هەزار دینارەوە كەمكراوەتەوە بۆ ٣ هەزار دینار.