ئەمڕۆ شەممە نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و تێدا هەردوولا جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و سەقامگیری ناوچەکە کردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێم، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میونشن کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییهكانى عێراق و هەرێمی کوردستان لهگهڵ تورکیا تاوتوێکران.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە دیدارەکەدا چۆنيهتى بەهێزکردنی هاوکاری لە بوارى سیاسی، ئابووری و ئەمنيدا تاوتوێکران و تيشكيان خسته سەر پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و سووریا و ناوچەکە".
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر برهودان به پەیوەندی دۆستانهى ههرێمى كوردستان لەگەڵ تورکیا لهسهر بنهماى بهرژهوهندی هاوبهش کردەوە و ئاماژەی به گرنگى هاريكارى هاوبەش لەگەڵ تورکیا لە هەموو بوارەکان، بەتایبەتی له بوارى ئاسایش و سەقامگیرى ناوچهكهدا، كرد.
لای خۆشییەوە هاکان فیدان خواستى تورکیای بۆ بەهێزکردنی زياترى پەیوەندییەکانى لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا نيشاندا، هەروەها جەختی لەسەر گرنگی هەماهەنگی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارييه ئەمنییەکان و کارکردن بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و گەشانەوە لە ناوچەکەدا کردەوە.
دوێنێ هەینی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە بەشداری سەرۆک و وەزیری وڵاتان دەستیپێکرد، لە کۆنفرانسەکەدا جەنگی غەززە، رووسیا و ئۆکرانیا و دۆخی سووریا تاوتوێکران.