"شەپۆلێکی سەرمای توند و بارانبارین دەستپێدەکات"

کەشناسێکی دیاری عێراق ڕایدەگەیەنێت" لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا شەپۆلێکی سەرمای توند و بارانبارین دەستپێدەکات". 

عەلی زیادی کەشناسی دیاری عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بارینی بارانێکی مامناوەند بۆ بەخوڕ لە ناوچەکانی باشوور و بەشێکی ناوەڕاستی فورات دەستپێدەکات، لە کاتێکدا باران بارین لە تەواوی شوێنەکانی ناوەڕاستی وڵاتدا جیاوازییەکی زۆری دەبێت". 

ئەو کەشناسە دیارەی عێراق پێشبینیشیکردووە، لە ڕۆژی ٢٠ی شوبات دۆخێکی گشتگیری بارانبارین دەستپێدەکات، هەروەها ناوچە جیاوازەکانیش دەگرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بارانبارینی بەخوڕ لە هەندێک ناوچەی پارێزگاکانی وڵات، جگە لەوەی وڵاتەکە بەر شەپۆلێکی سەرمای توند دەکەوێت کە ڕەنگە بە توندترین ئاستی ساڵان دابنرێت و لە درەنگانی وەرزدا بێت، ڕەنگە ڕێژەی سفر تۆمار بکات لە کاتی بەرەبەیان و نزیکەی ١٤ پلەی سەدی بێت. 

پێشتریش ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشوهەوا، ئاماژەی بەوەکردبوو، لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی باکوری دەریای سوور سبەی یەکشەممە لە کاتەکانی بەیانییەوە بۆ ئێوارە شەپۆلێکی بەفربارین ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای ئەنبار و بیابانەکانی باشور و رۆژئاوای عێراق دەگرێتەوە و ئاسمانی ھەرێمی کوردستانیش بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور. 

ئەو کەشناسە کوردە باسی لەوەشکردبوو، لە کاتەکانی شەودا بۆ درەنگانی شەو شەپۆلەکە بەشێوەیەکی مامناوەند درێژدەبێتەوە بۆ ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و ھەڵەبجە و ناوچەکانی باکوری گەرمیان ئەگەری بارانی مامناوەند بەرێژەی جیاواز دەبێت، ھەروەھا بارینی بەفر لە شاری سلێمانی بە تایبەت بەرزاییەکانی ناوچەکە و کاریگەری ئەم شەپۆلە بەرەبەیانی دووشەممە کۆتای پێدێت. 

هەروەها ئاراس جەبار پێشبینیشیکردبوو، لە کۆتای ئەم ھەفتەیەوە شەپۆلێکی بەھێزی سەرما و بەفر و باران لە جەمسەری باکورەوە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست و ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بۆ ماوەیەکی زۆر کاریگەریەکانی دەمێنێتەوە. 



AM:12:05:16/02/2025