شاندی ئیمرالی لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆدەبنەوە

شاندی دەم پارتی کە بە شاندی ئیمرالی دەناسرێت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی گەیشتە پیرمام.

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی شوبات هەر یەک لە پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر، شاندی دەم پارتی کە بە شاندی ئیمرالی دەناسرێت، گەیشتە پیرمام و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا.

شاندەکە کە پێشتر دوو جار سەردانی گرتووخانەی ئیمرالی کردووە، بۆچونی عەبدوڵا ئۆجالان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە بە بارزانی دەگەیەنێت و دواتریش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

بڕیارە سبەینێ شاندەکە سەردانی سلێمانی بکات و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبێتەوە.

شاندەکە دوای گەڕانەوەی بۆ تورکیا، هەڵوێستی پارتی و یەکێتی سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی بە ئۆجەلان دەگەیەنێت.




AM:10:58:16/02/2025