سەرۆك كۆماری عیراق واژۆی لەسەر هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كرد.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی شوبات واژۆی لەسەر یاسای هەمواری بودجەی عێراق كرد تایبەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، بەمەش یاساكە لە رۆژنامەی (وەقایع)ی عێراق بڵاودەبێتەوەو دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەگوێرەی هەموارەكە، تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە كوردستان بەرزكراوەتەوە بۆ (١٦) دۆلار، تا ئەوكاتەی لەماوەی ٦٠ رۆژدا كۆمپانیا یاخود لایەنێكی پسپۆڕی نێودەوڵەتیی بە رەزامەندی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم دێتە كوردستان و یەك بە یەك خەمڵاندن بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێگەكانی هەرێم دەكات و لەسەر بنەمای راپۆرتی خەمڵاندنەكە نرخێكی نوێ بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان دیاری دەكرێت.
تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە سەرتاسەریی عێراق بەگوێرەی یاسای بودجە بڕی (٦) دۆلاری بۆ دانراوە، بەڵام پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن خەمڵاندنەكان تێچووی نەوتی هەرێم بۆ بەر بەرمیلێك بۆ سەروو ٢٠ دۆلار بەرزبكاتەوە، ئەمەش بەهۆی جیاوازی ژینگەی بەرهەمهێنان لە كوردستان بە بەراورد بە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق.