کۆبوونەوەی نێوان وەفدی دەم پارتی بۆ ئیمرالی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کۆتایی هات و بارەگای بارزانی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ دوو شەممە کاتژمێر ١٠ـی بەیانیی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان و سری سورەییا ئۆندەر؛ گەیشتە بارەگای بارزانی و لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان؛ لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆک پارتی کۆبوونەوە.
لە راگەیاندنێکدا کە دوای کۆبوونەوەکە بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە هاتووە " لە دیدارەكەدا، شاندی ئیمرالی بیروبۆچوونی خۆیان لەمەڕ بارودۆخی سیاسی و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و وردەكاری و ئەنجامی دیدارەكانیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان بۆ بارزانی خستەڕوو."
" شاندی ئیمرالی لەو دیدارەدا ناوەڕۆكی پەیامی عەبدوڵلا ئۆجەلانیشیان بە بارزانی گەیاندووە."( راگەیاندراوەکەی بارزانی بڵاویکردۆتەوە).
بارەگای بارزانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو "هەر لەو دیدارەدا، سەرۆكی پارتی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، جەختی لە بایەخی پرۆسەی ئاشتی وەك تاكە ڕێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەر كردەوە و بە پێویستیشی زانی كە هەموو لایەك هەوڵی خۆیان لەوەدا چڕ بكەنەوە كە پرۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام."
ئاماژە بەوەش کراوە کە بارزانی ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و سەرگرتنی ڕاگەیاندووە.
لەلایەکی دیکەوە دەم پارتی لەبارەی کۆبوونەوەی شاندەکەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە "کۆبوونەوەکەی پیرمام، لە چوارچێوەی دیدارەکانی شاندی دەم پارتی بووە لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و نزیکەی کاتژمێرێک و ٤٥ خولەکی خایاندووە."
دەم پارتی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، شاندی دەم پارتی، مەسعود بارزانییان لە پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان ئاگادار کردووەتەوە و بۆچوون و پێشنیارەکانی بارزانییان لەبارەی پرۆسەکە بە هەند وەرگرتووە.
بڕیارە وەفدەکە لەگەڵ سەرۆکی هەرێم لە هەولێر کۆببنەوەو، سبەی سێ شەممەش سەردانی سلێمانی بکەن و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کۆببنەوە.
بڕیاریشە دوای گەڕانەوەی وەفدکە، بەمەبەستی گەیاندی ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ باشوری کوردستان بگەیەننە، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە، عەبدوڵا ئوچ ئالان بۆ جاری سێهەم ببینن.