نێچیرڤان بارزانی: تورکیا بەجدی هەوڵی پرۆسەی ئاشتی دەدات.. داوای مانەوەی هێزەکانی ئەمریکامان لە عێراق‌و سوریا کردووە


سەرۆکی هەرێم دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەو دیارەکانی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەسەر دووپرسی گرنگ؛ پرسی ئاشتی لە باکوری کوردستان وتی" تورکیا بە جدی هەوڵدەدات ئەم پرۆسەی ئاشتییە جێبەجێ بکات"، هەروەها لە بارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژئاوای کوردستان و عێراقیش وتی" داوامان کردووە کە هێزەکانی ئەمەریکا بمێننەوە".

ئەم لێدوانەی نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا بوو لە میونشن دوای بینی چەندان بەرپرسی وڵاتان، لە نێویشیاندا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ و وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان.

سەرۆکی هەرێم لەو کۆنگرە رۆژنامەگەریدا وتی: 

- کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەبوو، باسمان لەو شتە هاوبەشانە کرد کە لەنێوان ئەمریکا و عێراق هەیە. 
 
- بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکامان کرد بۆ ئەوەی بێتە عێراق و لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنسووڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر بەشدار بێت
 
 لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ فیدان و پرۆسەی ئاشتی و سوریاوە نێچیرڤان بارزانی وتی: 

- ئێمە لە سووریا فاکتەری سەقامگیری دەبین و داوا لە برا کوردەکانمان دەکەین خۆیان بە خاوەنی سووریای نوێ بزانن. 

- کاری لەپێشینەی ئێمە لە سووریا ئەوە بووە چۆن برایانمان لەوێ بپارێزین. لەوەشدا سەرکەوتوو بووین. تورکیاش لەوەدا یارمەتیدەر بووە.

- لەبارەی پرۆسەی ئاشتیشەوە، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی ئەم پرۆسەیەمان کردووە و هەست دەکەم تورکیا زۆر بەجیدی هەوڵدەدات ئەم پرۆسەیەی ئاشتی بەڕێوەببات.

- پێویستە ئەم کێشەیە لە رووی سیاسییەوە بە ئاشتی چارەسەر بکرێت.

- هیوادارین پەکەکە پێشوازی لە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات.




PM:05:20:16/02/2025