چۆمان.. ژن و مێردێک لەلایەن گەلەگورگێک دەورەدراون

بەرگریی شارستانی سۆران رایدەگەیەنێت" دوو هاوسەر كە بۆ گەشت روویان لە گۆمی فێڵاو كردبوو لە چۆمان، لەلایەن رەوەگورگێك دەورە دراون و مەترسی لەسەر گیانیان دروستبووە". 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی شوباتی ٢٠٢٥ لە راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆراندا هاتووە" دوو هاوسەر کە بە مەبەستی گەشت لە هەولێرەوە روویان لە گۆمی فێڵاو كردووە لە شارۆچكەی چۆمان، لەلایەن ڕەوە گورگێک دەورە دراون و مەترسی لەسەر گیانیان هەیە". 

بەرگری شارستانی لەبارەی پرۆسەی ڕێککارەکان ئاماژەی بەوەکردووە، دەستبەجێ تیمەکانیان لە بنکەی بەرگری شارستانی چۆمان بە سەرپەرشتی ئەفسەری بنکە دەرچوون بۆ بەهاناوەچوونیان و ڕزگارکردنیان بە هاوکاری تیمێک لە  پۆلیسی فریاکەوتنی چۆمان.

تائێستا هیچ زانیارییەك لەبارەی گیانی ئەو دوو هاوسەرە دیار نییە و بەرگری شارستانی سۆرانیش لە ڕاگەیەندراوەکەدا هیچ زانیارییەکی زیاتری دەربارەی ڕووداوەکە باس نەکردووە. 



PM:09:05:16/02/2025