یەکەم سەبەتەی بەشەخۆراکی مانگانەی ئەمساڵ دابەش دەکرێت

یەکەم سەبەتەی بەشەخۆراکی مانگانەی ئەمساڵ دابەش دەکرێت و لە بارەی بەشەخۆراکی تایبەت بە مانگی ڕەمەزانیش بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی سلێمانی ڕوونکردنەوە دەدات.

کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند" دوو جۆر خۆراک لە ئارادان بۆ ئەوەی لەم مانگە دابەش بکرێن".

وتیشی" خۆراکێکیان بەشەخۆراکی مانگانەیە کە بەردەوامە و مانگانە دابەش دەکرێت، ئەوەی تریش سەبەتەی خۆراکی تایبەت بە مانگی پیرۆزی ڕەمەزانە، کە تا ئێستا هیچ شتێکمان بە فەرمی لەو بارەوە بۆ نەهاتووە و تەنها لە ڕاگەیاندنەوە باسی لێوەکراوە".

باسی لەوەشکرد، دەست بە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی مانگی یەکی ئەمساڵ دەکەن لە هەفتەی داهاتووەوە، لە ئێستاشدا جگە لە برن و زەیت، سەرجەم ماددەکانی تر لە کۆگاکاندا هەیە و لە ٢٠ی ئەم مانگەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بازرگانی عێراق بڵاویکردەوە، لەم هەفتەیەدا بەشە خۆراکی مانگی رەمەزان دەگاتە سەرجەم گەنجینەکانی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.

باسی لەوەشکرد بۆ سەبەتەی خۆراکی ئەم مانگە چوار ماددەی سەرەکیشی بۆ زیادکراوە لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

هاوكات ئەوەشخراوەتەروو سەبەتەی خۆراکی مانگی رەمەزان ١١ ماددە لە خۆدەگرێت، کە چوار ماددەیان نوێیە و پێکهاتووە لە (ئاردی سفر، مەعکەرۆنی، شعریە و نیشاستە).



AM:10:19:17/02/2025