وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت" دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆری جەیهانی تورکیاوە لە ماوەی هەفتەیەکدا دەبێت". دەشڵێت" پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی غاز بەردەوامن".
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە لە میانی کردنەوەی کۆڕبەندی بازرگانانی عێراق و بەریتانیا لە بەغداد ڕایگەیاند" وەزارەتی نەوت لە ئێستادا چەند پڕۆژەیەک بۆ وەبەرهێنان لە غاز جێبەجێ دەکات، دیارترینیان گرێبەستەکە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی بۆ بەرهەمهێنانی ٦٠٠ ملیۆن پێی سێجا لە پارێزگای بەسرە و ٢٠٠ ملیۆن پێی سێجا غاز لەگەڵ بەیکەر هیوز بۆ وەبەرهێنانی غاز لە کێڵگەکانی شاری ناسریە".
ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق لە ڕێگەی ئەم پڕۆژانەوە کاردەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بەکاربردنی ناوخۆ، بەتایبەتی سەبارەت بە کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا.
عەبدولغەنی داوای لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کرد ئۆفەرەکانیان پێشکەش بکەن بۆ کێبڕکێکردن لە خولی نوێی مۆڵەتدان بۆ وەبەرهێنان لەو کێڵگانە و ناوچەکانی گەڕان کە وەزارەتی نەوت بەنیازە پێشکەشی بکات بۆ وەبەرهێنان لە داهاتوودا لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق.
وەزیری نەوتی عێراق ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا وەزارەتی نەوت پڕۆژەی گەورە جێبەجێ دەکات بۆ جێبەجێکردنی پێداویستیەکانی پاڵاوتن و دروستکردنی پاڵاوگەی نوێ، ئەمە جگە لە پڕۆژەی دروستکردنی هێڵی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوت و گاز.
هەروەها حەیان عەبدولغەنی دووپاتیکردەوە کە بەغدا و هەولێر لە پرۆسەی دانانی دەستکاری کۆتاییدان بۆ دەستپێکردنی" وەرگرتن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی هەفتەیەکدا"، دوای ئەو ناکۆکیانەی کە نزیکەی دوو ساڵ بەردەوام بوون و بووە هۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
عەبدولغەنی وتیشی" لەگەڵ هەرێم ڕێککەوتووین کە ڕۆژانە لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل کەمتر نەبێت لە کێڵگەکانی هەرێم، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە بکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ شاندێک لە بەغداوە سەردانی هەولێر دەکەن، بۆ دانوستان لەسەر میکانیزمێک بۆ بەکارهێنانی نەوتەکە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی هەفتەیەکدا هەناردەکردنی دەستپێدەکاتەوە.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا پەرلەمانی عێراق هەموارکردنەوەی بودجەی گشتی پەسەند کرد کە ناکۆکی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا لەسەر وەرگرتنی نەوتی هەرێم یەکلاکردەوە.