بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەشت کەس دەستگیرکران

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی هەشت کەسی بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راگەیاند.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە" بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، بەمەبەستی بەرەنگاربونەوەی بڵاوکراوە نەشیاوەکان، بە بڕیاری داواکاری گشتی هەشت تۆمەتباری خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی دەستگیرکرد، تۆمەتباران لە ڕێگەی گرتە ڤیدیۆی و لایڤەکانیان بابەتی نەشیاویان بڵاوکردوەتەوە و کاریگەری نەرێنییان لەسەر تاک و خێزانەکان هەبووە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لەسەر داوای هاوڵاتییان بۆ زیاتر پاراستنی بەها کۆمەڵاتییەکان، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، دوای بەدواداچون و دەستنیشانکردنی شوێن و ناسنامەی ئەو تۆمەتبارانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە گرتە ڤیدیۆی و لایڤەکانیاندا رەفتاری دوور لە نەریت و رەوشتی کۆمەڵایەتییان بڵاودەکردەوە دەستگیرکران و روبەڕووی یاسا کرانەوە". 

ئاسایشی هەرێم لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی بڵاوکراوە نەشیاوەکان، دەزگای ئاسایشی هەرێم بەپێی یاسا و بەبڕیاری دادوەر ڕوبەڕوی خراپ بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەبێتەوە و لەپێناو تێکنەدانی شیرازەی کۆمەڵگا.



PM:06:58:17/02/2025