جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران: لەگەڵ هەرێم لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا هەماهەنگییمان هەیە

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت" لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا هەماهەنگییمان هەیە و جەختیش لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانمان دەکەینەوە".


 مەجید تەختڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی شوبات ڕایگەیاند" لە هەولێر گفتوگۆی زۆر باشمان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبوو، هەروەها زۆر سوپاسی میوانداری حکوومەتی هەرێم دەکەم، زۆر گفتوگۆی بنیادنەرانەمان لەگەڵ یەکدی هەبووە".


جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، لەگەڵ هەرێمی کوردستان خاڵی هاوبەشی زۆریان پێکەوە هەیە و ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانیان پەرە پێ بدەن.


جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، دەڵێت "ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا هەماهەنگییمان هەیە و جەختیش لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانمان دەکەینەوە".


هاوکات وتیشی" تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانمان لە هەولێر، گفتوگۆکردن بوو لەسەر پرسی ئەمنی، هەروەها ئاساشی هەرێمی کوردستان ئاسایشی ئێمەیە، پێویستە هەمیشە پێکەوە هەماهەنگ بین بۆ ئەوەی بەرەنگاریی ئاڵنگارییەکان ببینەوە".





PM:07:29:17/02/2025