پارێزگاری کەرکووک رایدەگەیەنێت، ئەو سەربازانەی پەلاماری جووتیارە کوردەکانیان دا، دەستبەسەر کراون، دەشڵێت، بە فەرمانی سوودانی لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی گوندی سەغانە پیکهێندراوە.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی شوبات لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەمڕۆی گوندی شەغانە ئاماژەی بەوە کرد کە کێشەی زەوی و زاری جووتیاران "کێشەیەکی قووڵ و درێژخایەنە و نووسراوی فەرمی بۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیران ئاراستە کراوە بۆ چارەسەرکردنی."
پارێزگاری کەرکووک ڕاشیگەیاند "ئەو سەربازانەی پەلاماری جووتیارە کوردەکانیان داوە، دەستبەسەر کراون و لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە. هەروەها داوای کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لەو ناوچەیە کراوە."
پارێزگاری کەرکووک هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە پەرلەمانی عێراق دەنگی بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش داوە و چاوەڕێی رێنماییەکانی حکومەتی ناوەندین بۆ جێبەجێکردنی.
رێبوار تەها داوا لە جووتیارانی سەرگەڕان دەکات، هێمنی و خۆڕاگری بنوێنن و دڵنیای کردنەوە کە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەکرێت لە رێگەی دامەزراوە یاسایی و فەرمییەکانەوە.
بەپێی ڕوونکردنەوەکە، سبەی کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ لیژنەی نێردراو بەڕێوەدەچێت بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە.