وتەبێژی دەم پارتی ئاشکرای کرد کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان سێ نامەی بۆ سەرکردایەتی رۆژئاوای کوردستان، کەجەکە و پەکەکە لە ئەورووپا ناردووە.
ئایشەگول دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی شوبات دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پارتەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان گەیشتووەتە قەندیل، ئەورووپا و هەم باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و بەرپرسانی پەیوەندیدار.
ئەوەش لە کاتێکدایە بە دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە و پێشوازی دەم پارتی هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستپێکردوە و شاندێکی دەم پارتی تا ئێستا دوو جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیان کردوە لە زیندانی ئیمراڵی و بڕیاریشە ئۆجەلان لە داهاتوویەکی نزیک پەیامێکی گرنگ لەبارەی ئاشتی بڵاوبکاتەوە.