ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتاران داوا له ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی پەرلەمانی عێراق ده‌كه‌ن، دانیشتنی تایبه‌ت به‌روداوه‌كانی كه‌ركوك بكرێت و ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانیش ده‌ڵێت، "په‌یامی نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی كورد ده‌گه‌یه‌نرێته محه‌مه‌د شیاع سودانی و یه‌ك زه‌ره سازش و كه‌مته‌رخه‌می ناكه‌ین به‌رامبه‌ر به رووداوەکانی ئەمڕۆی کەرکووک".
كاروان یاروه‌یس ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌په‌یامێكدا بڵاویكرده‌وه، "له په‌رله‌مانی عێراق په‌رله‌مانتارانی كورد داوا له‌سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، كه دانشتنێكی تایبه‌ت به‌و روداوانه بكرێت كه له‌سه‌رگه‌ران رویاندا، به‌تایبه‌تی ره‌فتاری شۆڤێنیانه‌ی ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی سوپای عێراق به‌رامبه‌ر به جوتیارانی كورد".
راشیگه‌یاندوه، "سبه‌ینێ په‌یامی نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی كورد ده‌گه‌یه‌نرێته محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران كه وه‌ك فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق، پێویسته لێپرسینه‌وه بكات له سوپا و چاره‌سه‌ری ریشه‌یی كێشه‌كه و دورخستنه‌وه سوپا له‌و ناوچانه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "ئه‌م په‌لاماردانانه له‌كاتێكدا دێت له‌په‌رله‌مانی عێراق یاسای گه‌رانه‌وه‌ی موڵك و ماڵمان بۆ خاوه‌نه‌كانیان په‌سه‌ند كرد‌و به‌پێی ئه‌م یاسایه ئه‌و زه‌وی و زارانه ئه‌گه‌رێته‌وه بۆ كورد".
كاروان یاروه‌یس ده‌شڵێت، "تاوتوێ ئه‌وه‌ش ده‌كرێت وه‌فدێكی په‌رله‌مانتاران بچنه سه‌رگه‌ران، یه‌ك زه‌ره سازش و كه‌مته‌رخه‌می ناكه‌ین به‌رامبه‌ر به جوتیارانمان و ئه‌و سه‌ربازانه‌و فه‌رمانده‌كه‌یان پێویسته سزا بدرێن".