ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی دەرکرد کە نوێنەرایەتی هەموو لایەنەکان بکات بۆ بەدواداچوون بۆ سەرجەم بارودۆخی هێرشەکەی سەر ژمارەیەک جوتیاری کورد لە سنووری پارێزگای کەرکوک.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق، بەیانی ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع سودانی، بەدواداچوونی بۆ بارودۆخی ئەو ڕووداوە کرد کە دوێنێ لە جەرگەی پارێزگای کەرکوک ڕوویدا، دوای ڕێگریکردن لە جوتیاران لە کارەکانیان، و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی ئاست بەرز کە نوێنەرایەتی هەموو لایەنەکان دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە هەموو بارودۆخی ئەم ڕووداوە".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سودانی فەرمانی داوە" ناردنی بریکاری وەزیری داد بۆ پارێزگاری کەرکوک بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست سەبارەت بەو زەویانەی کە بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان هەرێمە فیدراڵیەکان و هەرێمی کوردستانە".
لە کاتێکدا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان داوای لە کەرتە ئەمنییەکانی سوپا، ناوخۆ، پێشمەرگە، هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری، دەزگا ئەمنییەکان و هەواڵگری کرد" پابەندبن بە یاسا و ڕێنماییەکان، کۆنترۆڵی خۆیان بکەن، ژیرانە و نیشتمانپەروەرانە مامەڵە بکەن، هەروەها دەرفەتی ئەو کەسانە پوچەڵ بکەنەوە کە لە چاوەڕوانیدان".
فەرماندەی گشتی هەروەها داوای لە سەرجەم لایەنەکان و هێزە سیاسییەکان کرد کە حیکمەت و هێمنی و ئارامی بخەنە پێشینەوە و بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی بدەن و پابەند بن بە یاسا و دەستوور و کار بۆ پاڵپشتی هێزە ئەمنییەکان لە پاراستنی هەموو دەستکەوتە ئەمنییەکان و ئامانجە نیشتمانییە هاوبەشەکان بکەن.
دوێنێ لە کاتی کێڵانی زەوییەکانیان، جوتیارانی سەرگەڕان لەلایەن سوپای عێراقەوە ئاستەنگیان بۆ دروستکرا و بەهۆیەوە گرژی ئاڵۆزی لە نێوان هەردوولا دروستبوو.