مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرپرسێکی تورکیا هەناردەکردنەوەی نەوت تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٥ مەسرور بارزانی، لەگەڵ بەرپرسێکی تورکیا، پرسی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە تاوتوێکرد.

مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی ئەمڕۆ پێشوازی لە بێریس ئیکینجی، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە ئاڵوگۆڕکرا، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وزەدا.

دەربارەی کۆبوونەوەکە مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە" هاوڕابووین لەسەر پێویستی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان، بەتایبەتی دوای پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، تایبەت بە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم". 

بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، گفتوگۆیان لەبارەی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرد، هەروەها جەختیان لە گرنگی بەشداری هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژە ستراتیژییەدا کرد”.

مەسرور بارزانی وتیشی" لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سووریامان تاوتوێکرد و پێویستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری سووریا و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکانمان دووپاتکردەوە". 

دوێنێ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق دووپاتیکردەوە کە بەغدا و هەولێر لە پرۆسەی دانانی دەستکاری کۆتاییدان بۆ دەستپێکردنی" وەرگرتن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی هەفتەیەکدا"، دوای ئەو ناکۆکیانەی کە نزیکەی دوو ساڵ بەردەوام بوون و بووە هۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

عەبدولغەنی ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ هەرێم ڕێککەوتوون کە ڕۆژانە لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل کەمتر نەبێت لە کێڵگەکانی هەرێم، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە بکرێت.

بڕیارە هەر ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق و هەرێم لەسەر پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کۆببنەوە. 



PM:12:26:18/02/2025