دەم پارتی: كورد بۆ پڕۆسه‌ی ئاشتی یه‌كهه‌ڵوێسته‌

وەفدی ئیمرالی لە سلێمانیەوە وردەکاری کۆبوونەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی ئاشکراکرد و ڕایانگەیاند" کورد یەکگرتوون بۆ پشتیوانیکردن لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد". 

کەسکین بایندر هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە)، ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٥ دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەسەر مەزاری مام جەلال، ڕایگەیاند" کۆبوونەوەکە زۆر گرنگ بوو، پاڵپشتیمان لە پافڵ تاڵەبانی وەرگرت بۆ هەوڵەکانی ئاشتی". 

وتیشی" بەرپرسانی یەکێتی هەڵوێستی ئەرێنی و پابەندبوونیان بە پەرەپێدانی دیالۆگەکان نیشاندا کە هەوڵی گەیشتن بە ئاشتی دەدەن". 

بایندر ئاماژەی بەوەدا کە" ئەمڕۆ هەموو لایەنە سیاسییە کوردییەکان یەکگرتوون بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد". 

ڕوونیشیکردەوە کە گەلی کورد ڕووبەڕووی ئاستەنگ و تەحەدای زۆر دەبێتەوە، بەڵام ئەمە نەبووەتە ڕێگر لە کۆدەنگییەکی سیاسی لەسەر گرنگی پاراستنی دەستکەوتەکان و بەرزکردنەوەی سەقامگیری.

هەروەها جەختی لە گرنگی یەکڕیزی کورد لە پرسەکانی ئاشتی کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم هەڵوێستێکی هاوبەشیان بۆ بەرەوپێشبردنی گفتوگۆی ئاشتیانە و پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان دەگرنەبەر.

سەبارەت بە کۆتاییهاتنی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان، کەسکین بایندر باسی لەوەکرد، سبه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ توركیا و ده‌چنه‌وه‌ ئیمڕاڵی و ئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌كان لەگەڵ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان تاوتوێ دەکەن.
شاندی ئیمرالی ژمارەیەک کەسایەتی سیاسین کە سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجالان سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان کردووە لە زیندانی ئیمرالی لە تورکیا کە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە.

شاندەکە پێکهاتووە لە سری سوریا ئۆندەر، پەروین بوڵدان، کەسکین بەیندیر، ڕۆژی شەممە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٥، پێش ئەوەی بەرەو سلێمانی بەڕێبکەون بۆ تەواوکردنی کۆبوونەوەکانیان سەردانی شاری هەولێریان کرد و ڕۆژی یەکشەممەش لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کۆبوونەوە. 

هەروەها دوێنێش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.

هەروەها بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئۆجەلان (بانگەوازێکی مێژوویی) بڵاوبکاتەوە کە پێدەچێت دەروازەیەک بێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان پەکەکە و ئەنقەرە.



PM:01:26:18/02/2025