دادگاى فیدراڵى: پابەندکردنى عێراق بە دابەشکردنى موچەى هەرێم ئەرکی ئێمە نییە

دادگاى فیدراڵى وەڵامى چوار سکاڵاى سەرۆککۆمارى دایەوە و بڕیاریدا تەوتینى موچەخۆران ئەنجام بدرێت و رەتیشى کردەوە پابەندکردنى عێراق بە دابەشکردنى موچەى ئێستا و رابردوى فەرمانبەران لە تایبەتمەندێتى ئەواندا بێت.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی شوبات، دادگاى فیدراڵى تایبەت بە چوار سکاڵاى لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق کۆبووەوە کە لەسەر هەر یەکە لە سەرۆکوەزیران و سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران و وەزیرى دارایی تۆماری کردبوون، بەپێی سکاڵاکەکە سەرۆککۆمارى عێراق داواى کردوە کە وەزارەتى دارایی عێراق پابەند بکرێت بە دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمەوە بۆ مانگەکانى رابردو و ئێستا.

لە سکاڵایەکى دیکەدا سەرۆککۆمارى عێراق داواى کردوە وەزارەتى دارایی عێراق ناچار بکرێت مانگانە بێ دواکەوتن مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم دابەش بکات بێ هیچ دواکەوتن و بیانویەک.

داواشى کردوە کە تەوتینى موچەى فەرمانبەران ئەنجام بدرێت و ئەو ئازادییەش بدرێتە فەرمانبەران کامە بانک بیانەوێت مووچەکانیانى لێ تەویتین بکەن و لە داوایەکى دیکەیشدا داواى هەموارى یاساى ژمارە ١٢لقى (ج) دەکات تایبەت بە فرۆشتنى نەوتى هەرێم.

بەپێی بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى عێراق، بڕیاردراوە بە جێبەجێکردنى تەوتینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەو شێوەیەی کە فەرمانبەران دەیانەوێت و بەشێوەیەکى ئازادانە بتوانن بانکەکانیان هەڵبژێرن.

تایبەت بە سێ داواکەى دیکە، دادگاى فیدراڵى رەتى کردونەتەوە و دەڵێت"لە پسپۆڕى و تایبەتمەندێتى ئێمەدا نییە."




PM:03:08:18/02/2025