جوتیاران دو ڕۆژ مۆڵەت دەدەنە سوپا تا لە شناغە بکشێتەوە

جوتیارانی سنوری سەرگەڕان بریاریان دا بۆ ماوەی دو ڕۆژ، خۆپیشاندانەکان هەڵپەسێرن و پارێزگاری کەرکوکیش ڕایدەگەیەنێت"بڕیاری گەڕانەوەی موڵک و ماڵ لە ماوەی مانگێکدا، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

دوای دو ڕۆژ لە ناڕەزایەتیی دەربڕین و خۆپیشاندان لەپێناو کارکردن لە زەوییەکانیاندان، ئەمڕۆ جوتیارانی شناغە لە سنوری سەرگەڕان، ڕایانگەیاند"بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان هەڵدەپەسێرن و دەبێت لەو ماوەیەدا سوپای عێراق بکشێتەوە".

محەمەد ئەمین، نوێنەری جوتیاران ڕایگەیاند" لەگەڵ لایەنی عێراقی و ئەنجومەنی پارێزگا، کۆبونەوەتەوە و بریار دراوە بە زویی داواکانیان جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەو زەوییانەی بڕیاری دادگەیان لەسەرە، نە لایەنی کوردی و نە لایەنی عەرەبی کاری تێدا نەکەن و تەواوی زەوییەکانی دیکەش مافی کوردە".

لەلایەکی دیکەوە، ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک داوای لە هەمو لایەک کرد دان بەخۆیاندا بگرن و داوای لە هەردو لایەنی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرد، بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن.

پارێزگاری کەرکوک، دڵنیاییشی دا لەوەی، بڕیارەکان لە بەرژەوەندیی جوتیاراندایە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی ڕژێمی بەعس، گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان لە ماوەی مانگێکدا، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە...




PM:04:17:18/02/2025