قوباد تاڵەبانی:لەگەڵ بەغدا کۆبوونەوەکانمان دەربارەی بودجە و نەوت باش و ئەرێنین

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند " کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق سەبارەت بە بودجە و هەناردەکردنەوەی نەوت بە شێوەیەکی باش و ئەرێنی بەڕێوەدەچن".

ئەمشەو قوباد تاڵەبانی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکانی نێوان شاندەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بە شێوەیەکی باش و ئەرێنی بەڕێوەدەچن.

وتیشی" لە کۆبوونەوەمدا لەگەڵ ستیڤن بیتنەر، باسم لەوەکرد کە هەنگاوی زۆر باشمان ناوە و گەشبینین بەم نزیکانە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە".

قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند" باسمان لە سەردانی شاندی دەم پارتی و ئەو پرۆسەیە کرد کە لە تورکیا سەبارەت بە پرسی کورد دەستی پێ کردووە و هیوامان خواست ئەمجارەیان پرسی کورد لە تورکیا بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت و کۆتایی بە شەڕ و توندوتیژی بهێنرێت".



PM:10:35:18/02/2025