سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە لیژنەیەك بۆ مووچەی مانگی ١٢ی هەرێم پێكهێنراوە و دواتر بڕیاری لەبارەوە دەدرێت ووتیشی" مووچەی ساڵی ٢٠٢٥ هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نابێت ".
ئەمڕۆ سێ شەممە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بە میوانداری پارێزگار و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری بەشەکانی بانکی ناوەندی عێراق، بەڕێوەبەری گشتی بانکی ڕافیدەین، بەڕێوەبەری گشتی بانکی بازرگانی عێراقی ( TBI) كرا بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە سیاسەتی نەختینە، نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار، کێشەی سزادانی ژمارەیەک لە بانکە خۆماڵییەکان، ئاستی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی دارایی و دەسەڵاتی نەختینە، ئاستی خزمەتگوزاری ئەلەکترۆنی بانکەکان، ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی بۆ چاودێری پڕۆسەی حەواڵەی دەرەکی و ڕێگریکردن لە مامەڵە نایاساییەکان و سپیکردنەوەی پارە.
عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، قسەکردن لەسەر سەختی دۆخی دارایی بە مانای نەتوانینی دەستەبەرکردنی مووچە نایەت، بەڵکو پەیوەندی بە جێبەجێکردنی پابەندی حکومەتەوە هەیە بە گرێبەستییەکانی بۆ دابینکردنی تەرخانکراوی دارایی بۆ پڕۆژەی نوێكان و بەردەوامەكان و دابینکردنی دارایی پارێزگاكان.
ڕاشیگەیاند"مووچەی ساڵی ٢٠٢٥ کێشەی بۆ دروست نابێت و دامەزراوە دارایی و بانکییەکانی عێراق سزایان لەسەر نییە."
ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ مووچەی مانگی ١٢ی مووچەخۆرانی هەرێم لیژنەیەك پێكهێنراوە و گفتوگۆ و بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەكات و دواتر ڕاپۆرتێك دەخرێتەڕوو، دواتر بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.
وتیشی" بۆ مووچەی مانگی ١٢ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان داوای داتامان لە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و بانکی ناوەندیی عێراق کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە و شێوازی خەرجکردنی پارە بۆ هەرێم.