شەپۆلێکی دابارین و سەرما و سۆڵە دەگاتە هەرێم و ٥٠ سانتیم بەفر دەبارێت

بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلی دابارینی ڕۆژانی داهاتوو بەدو قوناخ ڕودەکاتە ناوچەکانمان بەم شێوەیە:

قۆناخی یەکەم: پێش بینی دەکرێت لەدوا نیوەڕۆی سبەیەوە شەپۆلێکی باشی دابارین ناوچەکانمان بگرێتەوە. سبەی دوای نیوەڕۆ ئەگەری باران بارین لەناوچەکانی بادینان دەست پێ دەکات و بۆ سبەی شەو و دوسبەی ڕۆژی پێنجشەممە ناوچەکانی تریش دەگرێتەوە،تا نیوەڕۆی پێنجشەممە باران بارینی ناو بەناو دەبێت و ڕێژەکەی زۆر نابێت. دواتر لەنیوەڕۆی پێنجشەمەوە تا نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی شەپۆلی باران بارین قوڵتر دەبێتەوە و لەسەرجەم ناوچەکان ئەگەری باران بارینی زۆر باش هەیە و لەناوچە شاخاویە بەرزەکان ئەگەری بەفر بارینی چڕ هەیە.

ئاماژە بەوەشدراوە کە  لەقۆناخی یەکەمی شەپۆلەکە لەسەنتەری شارەکان ئەگەری بارینی ٢٠بۆ٥٠ملم باران هەیە و لەوناوچە شاخاویانەی بەرزیان لە١٤٠٠مەترەوەیە ئەگەری بارینی ٣٠ بۆ٥٠ سانتم بەفر هەیە. 

قۆناخی دووەم: لەڕۆژی شەمەوە بارستە هەوایەکی جەمسەری زۆر سارد شۆڕ دەبێتەوە سەر ناوچەکانمان لەگەڵیشیدا شەپۆلێکی مام ناوەندی بەفربارین بەشێکی زۆری ناوچەکان دەگرێتەوە و تا ڕۆژی سشەممە کاریگەری بەشێوەیەکی ناو بەناو بەردەوامی دەبێت. بەگشتی لەنێوان ڕۆژی شەممە تا ڕۆژیسێشەممەی هەفتەی داهاتوو لەتەواوی ناوچە شاخاویەکان ئەگەری بەفر بارین هەیە و لەهەریەک لەسەنتەری شارەکانی دهۆک و سلێمانی و بەشێکی زۆری شارو و شارۆچکەکان ئەگەری بەفر بارین هەیە هەرچی ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک و هەولێرە تا ئێستا ئەگەری بەفر بارین کەمە.

ئاشکراشکراوەکە بەگشتی ناتوانین ڕێژەی زۆر و کەمی و بەفرەکە دیاری بکەین چونکە هێشتاش شەپۆلەکە لەگۆڕانکاری دایە، لەماوەی قوناخی دوەمی شەپۆلەکە لەناوچە شاخاویەکان ئەگەری بارینی ٢٠بۆ٣٥سانتم بەفر هەیە و لەسەنتەری بەشێکی شارەکانیش ئەگەری بارینی ١بۆ٢٠سانتم بەفر هەیە.هەروەها پلەکانی گەرما بەڕێژەیەکی زۆر بەرچاو ڕو لەنزم بونەوە دەکەن بەشێوەیەک لەناوچە سنوری و شاخاویەکان پلەی گەرمی١٣بۆ٢٠پلە دێتە ژێر سفر و لەسەنتەری شارەکانیش٣بۆ٨ پلە دێنە ژێر سفر.




AM:12:06:19/02/2025