لە کرماشان ژنێکی گەنج کوژرا

بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ژنێکی گەنجی خەڵکی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن باوکی خۆیەوە کوژرا.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەید دونیا حوسێنی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی بریەخانی سەر بە شاری داڵاهۆ و دانیشتوی گەڕەکی دەوڵەتئاوای کرماشان، لەلایەن باوکی خۆی بە چەندین زەربەی چەقۆ کوژرا. 

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی حوسێنی کە بە ڕێکخراوی هەنگاوی ڕاگەیاندووە" دونیا حوسێنی نزیکەی ٤٠ ڕۆژ پێش ئێستا، بەهۆی ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ پیاوێکی دیکە هەبووە و لە هاوسەرەکەی جیا بووەتەوە، ناوبراو ٤٠ ڕۆژ دوای جیابوونەوەیان گەڕاوەتەوە ماڵی باوکی و یەک ڕۆژ دوای هاتنەوەی، بەدەستی باوکی و بە پاساوی پاراستنی ناموس بە چەقۆ کوژراوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتبارەکە چەند کاتژمێرێک دوای کوشتنی کچەکەی دەستبەسەرکراوە.



AM:08:40:19/02/2025