"فەرمانبەر سەرپشک دەکرێت لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی"

سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من ڕایدەگەیەنێت" پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەکەین بۆ بە بانکیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و  فەرمانبەر سەرپشک دەکرێت لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی". 

عەزیز ئەحمەد سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من و جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی مەسرور بارزانی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەکەین کەوا دوپاتیکردەوە بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت بەپێی ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی بێت و لەلایەن بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی بانکی ناوەندی ئەنجام بدرێت". 

‎ئاماژەی بەوەشكردووە، فەرمانبەر سەرپشک دەکرێت لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی لەو بانکانەی رەزامەندی بانکی ناوەندییان هەیە، كە  هەموو ئەوانەش یەکدەگرنەوە لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی پڕۆژە "هەژماری من". 

‎عەزیز ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، تیمەکەیان وەک بەشێک لە شاندی حکومەتی هەرێم، سەرەتای ئەم مانگە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێڕاق کۆبونەتەوە و نوێترین پێشهاتەکانی پڕۆژەکەیان بۆ باسکردون وەک چۆن لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیشدا هاتووە، ئەم هەماهەنگییەش بەردەوام دەبێت لە ڕێگەی ناردنی زانیاری و پێشهاتی مانگانە بۆیان.

باسی لەوەشکردووە، هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا بەردەوام دەبن لە هەماهەنگی نزیک لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق، بەوپێیەی بە بانکیکردنی مووچە هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق. 

عەزیز ئەحمەد دەشڵێت" داواکارین لە سەرجەم فەرمانبەران بەزووترین کات خۆیان تۆماربکەن، بۆ خۆتۆمارکردن، دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاری هەژماری من بە ژمارە ١٩٩١".

دوێنێ دادگاى فیدراڵى وەڵامی چوار سکاڵاى لەتیف رەشید سەرۆک کۆمارى عێراقی دایەوە کە پێشتر لەسەر هەر یەک لە سەرۆک وەزیران و وەزیرى دارایی عێراق تۆماری کردبوون کە تێیدا داوایکردبوو حکومەتی فیدراڵ پابەندبکرێت بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. 

لە کۆبوونەوەکەی دادگای فیدراڵی بڕیاردرا بە جێبەجێکردنى تەوتینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بەو شێوەیەی کە فەرمانبەران دەیانەوێت و بەشێوەیەکى ئازادانە بتوانن بانکەکانیان هەڵبژێرن.



AM:09:53:19/02/2025