ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکات.
بەپێی ڕاگهیهندراوێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم، ئەمڕۆ ١٩ی شوباتی ٢٠٢٥ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەن و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن كۆدەبێتەوە و تێیدا سێ بڕگە تاوتوێ دەکات.
لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا بەشداری شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان لە دوبەی تاوتوێ دەکات.
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبونەوەکە، ئامادەکارییەکانە بۆ دەسپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، بۆ گفتوگۆی ئەم تەوەرەش شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراقی بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن و باس لە وردەکارییەکانی دەکەن.
هەروەها رێکارەکانی یەکخستنی کوالێتی کۆنترۆڵ لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ دەکرێت.