مەسرور بارزانی: پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی دەکەین

مەسرور بارزانی ڕایدەگەیەنێت" لە میانی کۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی دەم پارتی جەختمان لە گرنگی سود وەرگرتن لە هەر دەرفەتێک کردەوە لە پێناو ئاشتی و سەقامگیری و بەهێزکردنی بەیەکەوە ژیانی ئاشتییانەی نێوان گەلانی ناوچەکە و جیهان بە گشتی". 

مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" ئەمڕۆ پێشوازیمان لە شاندی ئیمرالی دەم پارتی بە سەرۆکایەتی هەردوو پەرلەمانتار، سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان کرد، لە میانی کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ستایشی ئەو کۆبوونەوەیان کرد کە ئەنجامیاندا، هەروەها پێداچوونەوەیان بە ئامانجەکانی سەردانەکەیان و هەوڵەکانیان کرد بۆ پشتیوانیکردن لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا". 

ئەندامانی شاندەکە جەختیان لەوە کردەوە کە قۆناغێکی نوێ لە تورکیا دەستیپێکردووە کە پرسی بەرقەرارکردنی ئاشتی و یەکلاییکردنەوەی پرسی کورد بووەتە پرسێکی گرنگ و پێویستییەکی بەپەلە، شاندەکە هەروەها ڕۆڵی بارزانی و پاڵپشتیکردنی بۆ ئەو هەوڵانە بەرز نرخاندووە.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، جەختیان لە گرنگی سود وەرگرتن لە هەر دەرفەتێک کردەوە لە پێناو ئاشتی و سەقامگیری و بەهێزکردنی بەیەکەوە ژیانی ئاشتییانە و برایەتی نێوان گەلانی ناوچەکە و جیهان بەگشتی.

دەشڵێت" پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی دوپاتکردەوە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشمان بۆ هەر هاوکاری و هاوئاهەنگییەک لەمبارەیەوە نیشاندا".

پێشتر شاندەکە لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی یەکێتی پافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و شاناز ئیبراهیم کۆبوونەوە.



AM:11:45:19/02/2025