سەرۆکی ئەمەریکا ترەمپ، لەسەر ناوهێنانی دەستەواژەی " کەنداوی مەکسیک " ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییەکانی قەدەغە دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند "تاوەکوو ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس، واز لە بەکارهێنانی ناوی "کەنداوی مەکسیک' نەهێنێت، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی خۆی لە ئۆفیسی سەرەکی و فڕۆکەی ئەیر فۆرس وەنی سەرۆکایەتیی قەدەغە دەکات."
هەفتەی ڕابردوو کۆشکی سپی ئاژانسەکەی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکانی دوور خستەوە بەو بیانووەی زانیاری ناڕاستی بڵاو کردووەتەوە.
لۆرن ئیستۆن، وتەبێژی ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس، ڕایگەیاند "بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی ناوی کەنداوی مەکسیک، چونکە زیاتر لە ٤٠٠ ساڵە بەوە ناوەوە بڵاوکراوەتەوە."
دەشڵێت " ئەوە دەچێتە چوارچێوەی ئەوەی کە فەرمان بە میدیا و ڕۆژنامەنووسان بکرێت لەوەی کامە دەستەواژە و چەمک بە کار بهێنیت".
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز و چەند ئاژانس و میدیای دی پشتگیریی لە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێیتد پرێس دەکەن و ڕایانگەیاندووە :ئەوانیش ناوی کەنداوی مەکسیک بە کار دەهێنن.
دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا، بڕیاری ناوی کەنداوی مەکسیک بۆ کەنداوی ئەمەریکا بگۆڕێت و بڕیارەکەش بە فەرمی چووتە واری جێبەجێ کردنەوە.
ئەسۆشەیتد پرێس (AP) دەزگایەکی هەواڵی ئەمریکییە کە قازانج نەویستە لە مانگی ئایاری ساڵی ١٨٤٨ دامەزراوە.
لە ئێستادا ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس هەواڵەکانی بە نزیکەی ٨٥٠٠ بەشداربوو بە ٦ زمان پەخش دەکات. هەروەها ئەسۆشێتد پرێس بە هاوکاری لەگەڵ داو جۆنز (بازاڕی بۆرسەی ئەمریکا) لاپەڕەیەک بڵاودەکاتەوە کە تایبەتە بە هەواڵە ئابوورییەکان و بازاڕە داراییەکان، کە بەسەر بەشداربووانی ٤٣ وڵاتی جیهاندا دابەشدەکرێت.
خزمەتگوزاریەکانی پێشکەش بە ٣٠٠ ڕێکخراوی میدیایی وەک (سی بی ئێس - سی ئێن ئێن - ئێن بی سی - ئەی بی سی)و سەدان میدیای گەورە دەکات.
تا ساڵی ٢٠١٦ ئەو هەواڵانەی کە ئەسۆشێتد پرێس کۆیان کردۆتەوە، لەلایەن زیاتر لە ١٣٠٠ ڕۆژنامە و پەخشکارەوە بڵاودەکرانەوە و دووبارە بڵاودەکرانەوە. ئاژانسەکە ٢٤٨ نووسینگەی هەواڵی لە ٩٩ وڵاتدا بەڕێوەدەبات.