ئەنجومەنی وەزیران داوای زوو جێبەجێکردنی دەستکردن بە هەناردە کردنی نەوتی هەرێم دەکات و، لەبارەی کۆنترۆڵی جۆریەوە، بڕیاریدا هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا زیاد بکات.
لە کۆبوونەوەی ١٩ ی شوباتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان" پشتیوانیی بۆ مافە ڕەواکانی جووتیارانی خاوەنی ڕەسەنی ئەو زەویانە دووپات کردەوە و، جەختیشی لەوە کردەوە، کە دەبێت کۆتایی بە هەموو بەربەست و ئاستەنگێک بهێنرێت تا جووتیاران سوود لە زەوییەکانیان وەربگرن".
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی وەک لە راگەیاندنەکەدا هاتووە، سەرۆک وەزیران باسی لە ڕووداوی دەستدرێژی و ڕێگریی لە جووتیارانی ڕەسەنی کورد لە سنووری شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگەی کەرکووک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کرد و ئاماژەی بەوە دا "ئەم ڕەفتارە، کارێکی نادەستووریی و نایاساییە و قبوڵکراو نییە . ئێمە دژی هەموو جۆرە ستەمکارییەکین بەرانبەر جووتیاران کە خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکانیانن و دەبێت ئازادانە مافی کێڵان و سوود وەرگرتنیان لە موڵکی خۆیان و باوباپیرانیان هەبێت."
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، دەربارەی بەشداریی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران و بەشداریی جێگری سەرۆک وەزیران لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی لە ڕۆژانی ١١-١٣ی ئەم مانگە و دیدار و کۆبوونەوەکان و نوێکردنەوەی یادداشتی لەیەکگەیشتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ئیمارات بۆ هاریکاری و هاوئاهەنگیی لە نێوان هەردوو حکوومەت لە کەرتە جیاوازەکان بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە پێشکەش کرد.
ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بە پێی تایبەتمەندیی خۆیان، کاری پێویست بکەن بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەم یادداشتی لەیەکگەیشتنەکە بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی دەوڵەمەند و پێشکەوتووی دامەزراوەکانی ئیمارات لە کەرتە جیاجیاکانی حکوومەتی هەرێمدا.
لە بڕگەی دووەمدا، ڕاپۆرتی لیژنەی هاوبەشی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە ڕێکخستنی ڕێکارەکانی کوالیتی کۆنترۆڵ و پۆلینکردنی بەڵێندەران لەلایەن لیژنەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەرێم خرایەڕوو کە بۆ ئەم مەبەستە میوانداریی کرابوون و لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا، پێشڤەچوون و بەربەستەکانیان ڕوون کردەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران، لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، جەختی کردەوە لەسەر بایەخی هاوئاهەنگیی و هاریکاریی نێوان وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لە پێناوی چارەکردنی کێشەکانی پەیوەندیدار بە پێوانەسازیی و کۆنترۆڵی جۆریی، ئەویش لە چوارچێوەی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستووریەکانی هەردوولا؛ بە جۆرێک، بەڵگەنامەکانی پشکنین و کۆنترۆڵی جۆریی کەرەستە و کەلوپەلەکان لای هەردوولا، وەک یەک بەرکار بن و پشتیان پێ ببەسترێت و برەو بە پەیوەندی بەردەوام وهاوئاهەنگیی لە نێوان دەستەی پێوانەسازیی وکۆنترۆڵی جۆریی هەرێم و فیدراڵ بدرێت .
لە بڕگەی کۆتاییدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی دوێنێی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ خرایە ڕوو، کە لە هەولێر ساز کرا و تایبەت بوو بە ڕێکار و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٥ ی ساڵی ٢٠٢٥، تایبەت بە هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ دەربارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەم بڕگەیە لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایە ڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی هەرچی زووە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە و ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکانە.