" سەلاحەدین بەهادین لەگەڵ وەفدی ئیمرالی کۆنەبۆتەوە "

وەفدی ئیمرالی کە سێ رۆژ لە هەرێمی کوردستان بوون و رۆژی ١٩ ی شوبات گەڕانەوە تورکیا، لەو سەردانەیاندا بە فەرمی لەگەڵ سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی دانەنیشتوون.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو وەفدەی دەم پارتیەوە بە ماڵپەڕی سپی، راگەیاند" بە فەرمی وەفدەکە هیچ دانیشتنێکی سیاسی لەگەڵ ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامیدا ئەنجام نەداوە".

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرایکرد کە وەفدەکە لەلایەن عەبدوڵا ئوچ ئالان سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە راسپێدراون کە سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی ببینن، هەتا هێزێکی وەک تەڤگەری ئازادی کە زۆر نزیکن لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە لەلایەن وەفدی ئیمرالیەوە لە گەڵیاندا کۆنەبوونەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە چەندجارێک سەلاحەدین بەهادین پەیوەندیکردووە بە وەفدەکەو داوایکردووە کۆبێتەوە لەگەڵیان، بەلآم وەفدەکە پۆزشیان هێناوەتەوەو کە ئەوان بەرنامەکەیان تەنها بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی هاتوونەتە باشوری کوردستان.

دوای چەندجارێک پەیوەندیکردن و، رەتکردنەوەی لەلایەن وەفدی ئیمرالیەوە، سەلاحەدین بەهادین وەک سەردانێک بۆ بینینێکی ئاسایی دەچێتە هۆتێل رۆتانا و دیدارێکی دوور لە پڕۆتۆکۆل و بەرنامەی سیاسی بۆ ماوەیەکی کورت وەفدەکە دەبینێت.

سێ رۆژە وەفدێکی دەم پارتی بە سەرۆکایەتی پەروین بوڵدان و سری سورەیا و چەندان بەرپرسی تری دەم پارتی سەردانی باشوری کوردستانیان کردو لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و شاناز ئیبراهیم، ئەمڕۆش لە کاتی گەڕانەوەیاندا لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆبوونەوە، لە لێدوانە رۆژنامەوانەکانیاندا پۆزشیان بۆ لایەنەکانی تر هێنایەوە کە لەم سەردانەیاندا لە بەرنامەیاندا نەبووە سەردانی ئەو حزبانەی تر بکەن.




AM:12:18:20/02/2025