سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرای کرد کە ئەو ٢٥ هەزار و ٥٠٠ خانەنشینەی لە ٣١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ خانەنشین بوون بۆ مانگی ئازار ئەو کەسانە ناویان وەک خانەنشین دەخرێتە لیستی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و مووچەکانیان بۆ دەبەسترێت، بەڵام مووچەی مانگی شوبات وەرناگرن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند " ئەو ٢٥ هەزار و ٥٠٠ خانەنشینەی لە ٣١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ خانەنشین بوون و تەمەنیان ٦٠ ساڵی تێپەراند، بۆ مانگی شوبات مووچە وەرناگرن".
ئەو سەرچاوەیە هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە تا هێشتا ناوی ئەو ژمارەیە نەخراونەتە لیستی مووچەی خانەنشینان و رێکارە کارگێڕییەکانیان تەواو نەبووە .
هەروەها وتیشی" پاداشتی خانەنشینی ئەوانەی ١٨ مانگیان هەیە، شەش مانگی لە فەرمانگەکەی خۆیەوە بۆی خەرجدەکرێت و ١٢ مانگەکەش لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی دارایی خەرجدەکرێت".
بە وتەی سەرچاوەکە، بۆ مانگی ئازار ئەو کەسانە ناویان وەک خانەنشین دەخرێتە لیستی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و مووچەکانیان بۆ دەبەسترێت، بەڵام مووچەی مانگەکانی کانوونی دووەم و شوبات و ئازار پێکەوە وەردەگرن.